شاندێکی کونسولخانەی ئەمهریکا سەردانی بەڕێوهبەرایەتيی چاکسازی کرد
ڕۆژى سێشهممه ۲٠ی ئابی ۲٠۲٤، نەبەز سلاح سدیق، بەڕێوەبەری چاکسازی، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەمیانی کۆبوونەوەیەک، بەڕێوەبەری چاکسازی بەرەوپێشچوونەکانی بەرنامەی ڕیفۆرمی وەزارەتی خستە ڕوو و گرنگيی پرۆژەکانی چاکسازی و ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واژووکراوی وەزارەتی بەرگريی ئەمهریکا و وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەوه هەیە، گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان لەسەر کرا.
لەلایەن خۆیانەوە کۆڵۆنێڵ گیڤن دووپاتی پاڵپشتیيەکانی ئەمهریکای، بۆ پرۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەت كردهوه و ئامادەیيی خۆیانی نیشان دا بۆ بەهێزترکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی داهاتووی ئۆفیسەکەیان بۆ پاڵپشتيی پرۆژەکان، هاوکات لەگەڵ سەردانەکەیدا، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش سەردانی هۆڵی تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی کرد، کە بۆ ٤۲ ئەفسەر و کارمەندی وەزارەت، لە بەشی تەکنەلۆجیا و زمانەکان بەڕێوە دەچوو، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایشی ئەمهریکا و ستافی بەشەکە ڕێک دەخرێت.