Skip to the content

كۆتايى به‌ خولی یاسای نێوده‌وڵه‌تيی مرۆیی هات

خولێکی دووڕۆژە لەژێر ناونیشانی "یاسای نێودەوڵەتيی مرۆیی"، بە ئامادەبوونی به‌ختیار محه‌مه‌د سدیق، ئه‌مینداری گشتی و عوسمان محه‌مه‌د مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتيی ڕاگه‌یاندن و هۆشیاريی نیشتمانی و تیمی ڕاوێژكارانی سوپای ئه‌ڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، بۆ فەرماندە و ئەفسەرانی فیرقەی یەکی پیادە، کە له‌لایه‌ن ڕێكخراوی (ناوه‌ندی كوردستان بۆ یاسای نێوده‌وڵه‌تی) كرابووه‌وه‌، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایيی خوله‌كه‌دا، ئه‌مینداری گشتی له‌ گوته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ مێژووی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ و پابه‌ندبوونی به‌ به‌ها مرۆیی و جه‌نگیيه‌كان كرد و گوتی: پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌ سه‌ربازییه‌كاندا هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كولتووری كورده‌واری، هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه‌ و پابەندبووە بە ڕێزگرتن له‌ به‌ها و مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا و ڕێساكانی جه‌نگ، وه‌زاره‌تی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ هه‌وڵی داوه‌ ئه‌م ئاكار و هه‌ڵوێسته‌ ڕه‌سه‌نه‌ی پێشمه‌رگه‌، زیاتر ئاوێته‌ی یاسا و ڕێسا مرۆیی و جه‌نگیيه‌كان بكات، بۆیه‌ پشتگیريی ئه‌م جۆره‌ خولانه‌ ده‌كه‌ین و خواستی وه‌زاره‌ته‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و سه‌رده‌میيانه‌، له‌ ئاستی به‌رزی ڕۆشنبیری و هۆشیاريی مرۆیی و جه‌نگیدا بێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتيی راگه‌یاندن و هۆشیارييش له‌ گوته‌یه‌كدا سوپاسی (ڕێكخراوی ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نیودەوڵەتيی مرۆیی) كرد، بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ و هیوای خواست له‌ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام بن، بۆ زیاتر گەیاندن و ڕوونکردنەوەی یاسای نێوده‌وڵه‌تيی مرۆیی و پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیريی فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ران له‌م بواره‌دا، داوايشى كرد له‌ داهاتوودا ئه‌م جۆره‌ بابه‌ت و چالاكیيانه‌ له‌ناو یه‌كه‌كانیش ئه‌نجام بدرێن و زۆرترین ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگه‌ سوودیان لێ وه‌ربگرن.
پاشان نوێنه‌ری تیمی ڕاوێژكارانی ئه‌ڵما‌نیا خۆشحاڵيی خۆیانی بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ خولانه‌ ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا.