Skip to the content

لە ڕێوڕەسمێکی سەربازيی شکۆداردا پێشوازی لە تەرمی ملازم خدر کرا

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٥ی ئابی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازی و حکومی و لايه‌نه‌كان و کەسوکار و ژمارەیەکی بەرچاوی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا، پێشوازی لە تەرمی فەریقی یەکەم "نوعمان عەلوان سوهێل ئەلتەمیمی" ناسراو بە ملازم خدر کرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، گوتاری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە لەلایەن عه‌بدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت خوێندرایەوە، تێیدا باسی لە هەڵوێست و گیانفیدایی و خزمەتەکان و ڕۆڵی پڕ لە سەروەريی ملازم خدر، لەپێناو پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان کرد و هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە: ملازم خدر تێکۆشەرێکی ناوداری عێراق و کوردستان بوو، وەک پێشمەرگەیەک ڕۆڵی لە داستان و نەبەردییەکان لە سەردەمی شۆڕش هەبوو، وەک ڕاوێژکار و ئەفسەرێکی لێهاتووش، لەنێو ڕیزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا خزمەتێکی بەرچاوی بە وەزارەتی پێشمەرگە گەیاندووە، بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەش دا كه‌: دەستکەوتەکانمان بە خوێنی شەهیدان و خەبات و قوربانیدانی هەزاران کەسی وەک ملازم خدر بەدی هاتوون، پێویستە ئێمەش درێژەپێدەری هەمان ڕێگه‌ بین، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ئەم هەرێمە بکەین.
پاشان تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر تەرمی ناوبراو داندرا و لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیی شکۆداردا تەرمی كۆچكردوو بە خاک سپێردرا.