Skip to the content

وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە بەرپرسی نوسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی ئەمه‌ریکا لە هەولێر کرد

ڕۆژى يه‌كشه‌ممه‌ ١٨ی ئابی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و مێجەر تۆم ستاوفەر، یاریدەدەری پاشکۆی سەربازيی ئەمه‌ریکا لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، بە گرنگیيەوە باسی لە دۆخی ئەمنيی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
هەروەها پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازی، شۆڕش ئيسماعيل ڕایگەیاند؛ چاکسازی بەردەوامە و ڕژدين لە گەیاندنی پرۆسەکە بە وێستگه‌ى کۆتایی. دەمانەوێت یەک یەکەی ژمێریاريی یەکگرتوو لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، بە هاوکاريی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بنیاد بنێين.
لەبارەی درووستکردنی فیرقەکانيشه‌وه‌، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە ڕایگەیاند: بەردەوامین لە دروستكردنى فیرقەی زیاتر، بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەپێناو دروستبوونی هێزێکی نیشتمانيی تۆکمە.
لە کۆتاییدا، ئه‌و بەرپرسه‌ى نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش، سەبارەت بەو بەرەوپێشچوونانەی لە پرۆسەی چاکسازی به‌دى هاتوون، دڵخۆشيی خۆی دەربڕی، هاوکاری و پشتیوانی و هەماهەنگيی زیاتری وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە دووپات کردەوە.