Skip to the content

وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و ستیڤ بیتنەر، کونسولی نوێی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسيی یاوەریان كرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عه‌بدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت ئامادەى بوون، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بەگەرمی بەخێرهاتنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان و کونسولی گشتیی ئەمه‌ریکاى بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونى ئاراستە کردن و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە ئەرکی نوێیاندا بۆ خواستن.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی چەند بابەتێکی گرنگ و بایەخداریان له‌بارەی پرۆسەی چاکسازی و مەترسییەکانی تیرۆر بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان كرد. وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بووە بە بنەما و ئەولەویيەت و هەموو هەوڵێکمان بۆ گەیاندنی چاکسازییە بە ئەنجامی گرنگ و پێویست، لەپێناو بنیادانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
شۆڕش ئيسماعيل سوپاسی هەوڵەکانی هاوپەیمانانی کرد، لە پشتیوانی و پاڵپشتيی بەردەوامیان بۆ پێشمەرگە. هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: هاوپەیمانان دڵسۆزانە لەگەڵمانن لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانیان دەکەین لەم پێناوەدا، ئومێد دەکەین هەماهەنگی و پەیوەندییەکانمان بەردەوام و باشتر بن.

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، دڵخۆشیى خۆی بە سەردانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ده‌ربڕى و ڕایگەیاند؛ پشتیوان و دڵخۆشین چاکسازی قۆناغی باشی بڕیوە و دڵنیاین ویستی ئێوە بۆ چاکسازی جددییە و هەموو هەوڵێکتان بۆ دروستبوونی هێزێکی تۆکمەی کوردستانییە. ئێمەش لەم پێناوەدا هاوکارتان دەبین و لەگەڵتان دەبین بۆ گەیشتن بە ئامانج.