Skip to the content

وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢١ـی ئابی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ هـام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری كرد.
لەو دیدارەدا، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بە گرنگیيەوە باسی لە پرس و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتدا كرد و ڕایگەیاند؛ چاکسازی پرۆسەیەکی حەتمییە، لەم پێناوەدا بەردەوامین لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیادنانی فیرقە و دەڤەر لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەدا، بە هاوکاری و هەماهەنگيی ڕاوێژکاران و دیپلۆماتکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

شۆڕش ئيسماعيل ستایشی هەوڵەکانی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی کرد و ڕۆڵی ئەوانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستن و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند.

جەنەڕاڵ هام، دڵخۆشيی خۆی به‌ سەردانەکە بۆ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە ده‌ربڕى و ستایشی گوتەکانی وەزیری کرد و پاڵپشتی و پشتیوانيی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە دووپات کردەوە. هەروەها ڕایگەیاند؛ لە بنیادنانی هێزێکی نیشتمانيی تۆکمە بۆ کوردستان هاوکار دەبین و ئومێدمان وایە پرۆسەی چاکسازی بگاتە ئەنجامی گرنگ و پێویست لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.