Skip to the content

ڕاوێژکاری وەزارەتى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ پێشوازی لە بەرپرسی یەکەی سیاسی لە کونسولخانەی ئەمه‌ریکا کرد

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤، بەشدار ئیسماعیل، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە ئودری کیرانین، بەرپرسی یەکەی سیاسی لە کونسولخانەى گشتيی ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، گفتوگۆ له‌باره‌ى مەترسیيەکانی داعش لە ناوچەکە و ڕۆڵی کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا و پاراستنی ئامانجە هاوبەشەکان لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستاندا کرا. پرسی چاکسازی و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی ئەمه‌ریکا تەوەرێکی ديكه‌ى دیدارەکە بوون.
بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر، ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کرد و جەختی لە گرنگيی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیريی ناوچەکە کردەوە، هاوکات ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌: ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە ئاستێکی باڵایە و پاڵپشتيی کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکاشی بۆ وەزارەتی كلروبارى پێشمەرگە دووپات کردەوە.

له‌ كۆتایيی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە هاوکاری و هەماهەنگيی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئەمه‌ریکای بۆ هێزی پێشمەرگە لە ماوەی ڕابردوودا بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەمه‌ریکا له‌ هاوکاری و هەماهەنگیيەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بێت، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی هێزەکان و بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی.