کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان به دەست هێزەکانی پێشمەرگە گهيشت
ڕۆژى سێشهممه ٦ی ئابی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئيسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارک سترۆ، کونسولی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر و ژمارهيهكى بهرچاو له بهرپرسانى سهربازيى هاوپهيمانان و وهزارهتى كاروبارى پێشمهرگه، کاروانێکی دیکەی ئەو کۆمەک و هاوکاریيانەی هاوپەیمانان کە خۆی لە ژمارەیەک تۆپی (هاویتزەر) دەبینیەوە، لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەشی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کران و پاشان لە مەراسیمێکدا ڕادەستی هەردوو فەرماندەیيی هێزەکانی پشتیوانیى يهك و دووی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمهکەدا، بەڕێوهبەری گشتيی میرەی سەربازی، گوتەی بەخێرهێنانی خوێندەوە و تێيدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگى هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پاشان وەزیری پێشمەرگە لە گوتەیەکدا: سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان بە بەردەوامی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن، بە شێوەیەک کە هاوکارییەکان کاریگەرييان هەیه لە سەر بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەزیری پێشمەرگه ئاماژەی بەوە دا کە: ئەمهریکا و هاوپەیمانان لە سەرەتای شهڕى داعشەوە تا ئێستا، هاوکار و ههماهەنگ بوون و ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆريستیيەکان، هەروەها هاوکاریيەکانیشى بە مایەی پێزانینی پێشمەرگە و گەلی کورد وەسف کرد، لەکۆتایيى گوتهكهيدا وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی باس كرد كه: ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی نادیار دەڕوات و ئەگەر هەڕەشەیەک ڕووی له وڵاتەکەمان كرد، دەبێت پێكهوه ڕووبەڕووی ببینەوە.
لە بەردەوامی ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی ئەرکان گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: هێزی پێشمەرگە پێویستی بەردەوامیان بە هاوپەیمانان هەیە، بە تایبەت لە دابینکردنی چەک و پاڵپشتیيە لۆجستیيەکان و بەردەوامیدان بە مەشق و ڕاهێنانەکان، سەرۆکی ئەرکان گوتیشی: "پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، هاوکێشەی جەنگی گۆڕی و پێشڕەويی تێکشکاندنی گەورەترین هێزی تیرۆريستی لەسەر زەوی کرد، بۆیە بەردەوامبوونی کۆمەک و پاڵپشتیيە سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە، پێویستیيەکی هەنووکەيیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، مارک سترۆ کونسولی گشتيی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا گوتی: سوپاس بۆ وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئيسماعیل و بریکاری وەزیر عبدالخالق بابیری، و فهریق ڕوکن عیسا عوزێر، بۆ میوانداریکردنی ئەمڕۆمان لەم بۆنەیە، هەروەها دەمەوێت سوپاسی فەریق سیهاد بارزانی و لیوا ڕوکن مەریوان بکەم، لەگەڵ تێکڕای فەرماندە و میوانە بەڕێزەکان، ئامادەبوونى ئهمڕۆتان نیشانەی ئەو پەیوەندییە بەردەوام و بەهێزەی هەردوولامانە.
ئەمڕۆ هێنانەجێی پلانێکی درێژخایەنی توانایەکی سەربازییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، گەیاندنی تۆپی (هاویتزەر) تێپەڕاندنی هەنگاوێکی بەرچاوە لە بنیادنانی هێزی پێشمەرگە، ئەم جۆرە چەکە دەبێتە مایەی پتەوکردنی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گشتی و بەزاندنی یەکجارەکی داعش.
ئێمە ئاگهدار و هۆشیارین لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی مەترسيی داعش، هەروەها پابەندیى خۆمان دووپات دەکەینەوە، بۆ پاڵپشتيی بەردەوامی حکومەتی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، لە کاتێکدا کە پێکەوە کاردەکەین بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم مەترسیيانە.
حەز دەکەم دەستخۆشی لە وەزارەتی پێشمەرگە بکەم بۆ دابەشکردنی ئەم تۆپانە بۆ هەردوو فەرماندەیيی هێزەکانی پشتیوانی، کە لە ئێستادا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان، ئەمەش نموونەیەکی دیکەی پابەندبوونی پێشمەرگەیە، بۆ بەدیهێنانی هێزێکی بێلایەن یاخود ناحیزبی.
لە کاتێکدا کە ماوە و وادەی کارەکانم بەرەو کۆتایی دهچێت، دەمەوێت ئاماژە و دەستخۆشی لە دەستکەوتەکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و سەرکردەکانی بکەم، لە هەوڵەکانی چاکسازيی پێشمەرگەدا. دامەزراندنی هێزێکی بەتوانای سەربازی و یەکگرتووی بێلایەن لە بەرژەوەنديی تێکڕای عێراق و هەرێمی کوردستانە، ويلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوکارەکانی لایەنی سەربازی بۆ پێشخستنی چاکسازيی پێشمەرگە و پتەوکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە، ڕادەستکردنی ئهو چهكانهى ئەمڕۆش ئەو ڕاستیيە پیشان دەدات.
لە کۆتاییدا واژۆی بهڵگهنامهكانىی وەرگرتنی تۆپەکان، لەلایەن ئەفسەرانی هەردوو فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانيى يهك و دوو کرا، پاشان بە شێوەی مەیدانی، سەردانی گۆڕەپانی ڕاگرتنی تۆپی هاویتزەر کرا و لەلایەن ئەفسەری مهدفهعی(O.S.C.I) ڕوونکردنەوەی پێویستیان لەبارەیەوە درا.