Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە تیمێکی هاوپەیمانان کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لیوا روکن ڕێبوار عەلی کەریم، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، پێشوازی لە تیمێکی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ ڕۆبن و کۆڵۆنێڵ سباستیان برۆست.
لەو دیدارەدا، کۆڵۆنێڵ رۆبن کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی ڕاگەیاند و کۆڵۆنێل سباستیان برۆست ـی وەک جێگرەوەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لە هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە ناساند. جێگری سەرۆکی ئەرکان، سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی بە تیمی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان گەیاند و سوپاسی ڕۆڵ و ئەرکی کۆڵۆنێڵ ڕۆبنی کرد، کە لە ماوەی کارکردنیاندا لە وەزارەتی پێشمەرگە شانبەشانی تیمەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کاری بۆ بەرزکردنەوەی پلانی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە کردووە، هەروەها بە خێرهاتنی جێگرەوەکەی کرد و ئامادەییی وەزارەتی پێشمەرگەشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک نیشان دا، لەپێناو بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان و پێشخستنی کاروبارەکانیان.