Skip to the content

سەرۆکی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای بەریتانیا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەدمیراڵ سێر ئه‌نتۆنی ڕاداکين، سوپاسالاری بەریتانیا و شاندێکی پایەبەرزی سەربازی و دیپلۆماسیی شانشینی یەکگرتوو و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، کە جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكی هەرێم و شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوون، دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و پێشهاته‌ خێراکانى ناوچەکە، به‌ تايبه‌تى له‌ سووريا و ئەرکی هاوپەیمانيى نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش تاووتوێ کرا، هەروەها پەیوەندییەکانی به‌ريتانيا له‌گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، خرايه‌ به‌ر باس.
نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی به‌ريتانياى لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها سوپاس و پێزانينی بۆ هێزەکانی بەریتانیا دووپات كرده‌وه‌، كه‌ يارمه‌تيى هەرێمی کوردستان ده‌ده‌ن لە پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.
لای خۆیەوە، سوپاسالاری بەریتانیا پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی زیاتر و بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاريكارى و هەماهەنگی کرد بۆ دڵنیابوون لە بەرەنگاربوونەوەی سەرکەوتووانەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌.