Skip to the content

بەڕێوەبەرى چاکسازیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پێشوازى له‌ ڕاوێژکاری سەربازيی هۆڵەندا کرد

ڕۆژی سێشەممە ۱٠ی کانوونی یەکەمی ۲٠۲٤، لیوای ئەندازیار نەبەز صلاح صدیق، بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەمیدی ئەندازیار ئومێد ڕەحمان، جێگری بەڕێوەبەری ئەشغال و نیشتەجێبوونی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ یان شویەر، ڕاوێژکاری سەربازیی سوپای هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، تاووتوێی دیزاین و جێبەجێکردنی پرۆژە ئەندازیارییە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، لە ئاستی پەل (حضیرە) تا دەگاتە ئاستی بارەگای فیرقەکان و دیزاینی بارەگای وەزارەتی پێشمەرگە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و چۆنیەتی پاڵپشتیی وڵاتی هۆڵەندا لەم بارەیەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. بۆ ئەم مەبەستەش ڕاوێژکارە سەربازییەکەی سوپای هۆڵەندا ئامادەییی خۆی و وڵاتەکەی نیشان دا بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژی پێویست و گۆڕینەوەی ئەزموون و شارەزاییی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا، هەروەها ڕەخساندنی هەلێک بۆ پاڵپشتیی ئەفسەران و کارمەندانی پێشمەرگە بە دابینکردنی خولی تایبەتمەند لەو بوارانەی باسیان لێوە کرا.
شایەنی باسە لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، تیمێکی تایبەتمەند کار دەکات لەسەر پرۆژەی ستراتیجیەتی نیشتەجێبوونی پێشمەرگە لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی وەزارەت.