Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئەڵمانیا کۆبووەوە

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لیوا ڕوکن ڕێبوار عەلی کەریم، جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی مەیجەر ماریۆ كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێكی گرنگ کرد، لەوانە چەمکی ئۆپەراسیۆن و مەشقی ئەفسەرانی پۆل، لە چوارچێوەی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا، هەروەها پلان و هەنگاوەکانی ئەنجامدانی مەشق بۆ ساڵی نوێ خرانە بەر باس.
شاندی ئەڵمانی جەختیان لە بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان كردەوە. لەم بارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی هەماهەنگی و یارمەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد، بە تایبەت هێزەکانی ئەڵمانیا. داواشی کرد کە هاوكارییەكانیان و مەشق و ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام بن، بە ئامانجی پێکهێنانی هێزێکی تۆکمە.