سیستەمی زانیارییە جیۆگرافیيەکان تاووتوێ کران
ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی کانوونی یەکەمی ۲٠۲٤، لیوای ئەندازیار نەبەز صلاح صدیق، بەڕێوەبەری چاکسازی، بە ئامادەبوونی عمید روکن محەمەد کەمال، بەڕێوەبەری ئەشغال و نیشتەجێبوون و ژمارەیەک ئەفسەر، لە سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ میتشێل ساکوا، ڕاوێژکاری سەربازیی وڵاتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری پاشکۆی سەربازیی وڵاتی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، لەلایەن شاندی میوان پێشەکییەک لەبارەی بنەماکانی سیستەمە جیۆگرافیيەکان لە کاری سەربازی باسی لێوە کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر ئەوەی پێویسته ئەفسەران و سەربازان بە جیۆگرافیای شەڕ ئاشنا بكرێن، چونکە سیستەمی جیۆگرافیيەکان تایبەتمەندیی جەنگەکان و گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە، هەر بۆیە ئاشنابوون و ئاگابوون و زانینی گۆڕانکارییەکان و پێشبینیکردنیان ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینێت.
شایەنی باسە ئەو بابەتە وەک پاڵپشتی و پشتگیریی وڵاتی فەرەنسایە بۆ هێزی پێشمەرگە، کە لە ئاییندەشدا خول و ڕاهێنانی پێویست لەو بوارەدا بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتهوه.