سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە پێشوازى له فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان كرد
ڕۆژى دووشهممه ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، به بۆنهی كۆتاییهاتنی ئهركهكهی وەک فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی و تیمێکی یاوەری کرد.
لەدیدارێکدا، کە لیوا روکن محهمهد سهعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، بە سەرۆکی ئەرکان ڕاگەیاند و کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆی وەک جێگرەوە و فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ناساند.
سەرۆکی ئەرکان سوپاس و پێزانینی وەزارەت و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە کۆڵۆنێڵ فۆرتی گەیاند و کارکردنی ناوبراوى لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. هاوکات بەخێرهاتنی کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆی کرد و ئامادەیيی وەزارەتیشی دەربڕی بۆ کاری هاوبەش و هەمەلایەنە، لەپێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئیتاڵیا و هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی.
شایانی باسە، وڵاتی ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەندامە لە هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيی دژی داعش و لە سەرەتای دەرکەوتنی داعش، وەک یەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانييەکە، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، پاڵپشتيی لۆجستی و ڕاوێژکاری پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.