سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە پاشکۆی سەربازيی بالیۆزخانەی ئیتاڵیا کرد
ڕۆژى دووشهممه ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لویجی سامبین، پاشکۆی سەربازی لە بالیۆزخانەى گشتيی ئیتاڵیا لە بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، پاشکۆی سەربازيی بالیۆزخانەی ئیتاڵیا لە بەغدا، کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی ڕاگەیاند و کۆڵۆنێڵ دۆمەنیکۆ سێرمۆن ـی وەک جێگرەوەى خۆى ناساند. دواتر ههردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژەکانی داهاتووی تیمی ڕاوێژکارانی ئیتاڵيايى لە هەرێمی کوردستان لە بوارهكانى مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکارى کرد. هەروەها تیشکیان خستە سەر هاوکاری و هەماهەنگيی بەردەوامی هێزەکانی ئیتاڵیا بۆ هێزی پێشمەرگە، بە تایبەت بەردەوامیدان بە کردنەوەی خولەکان بۆ هێزی پێشمەرگە. سەرۆکی ئەرکان سوپاسی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی ئیتاڵیای لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵيی خۆی بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیاش لە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتيی دژى داعش کرد، لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا.