فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان دەست بەکار بوو
ڕۆژی هەینی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تۆمماسۆ سانسۆنی، کونسولی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك لە فهرمانده و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لە بارەگای فەرماندەییی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕ و ڕادەستكردنی ئەركی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی، بۆ کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆ ئاندریۆتۆلا، بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە گوتی: دەمەوێت سوپاسی پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان بکەم، کە کاری هاوبەشمان بەیەکەوە کرد و هەموو ئەو دەسکەوتانە بە کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بەدی هاتوون و دڵخۆشم کە بە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردووە.
پاشان کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆ ئاندریۆتۆلا، فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: بۆ من شانازییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ فەرماندەییی هێزەکانی ئیتاڵیا لە کوردستان دەکەم و هەموو هەوڵێک بۆ بەردەستخستنی تواناکان دەدەم، بۆ بنیاتنانی توانای هێزە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.
لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، پیرۆزباییان لە فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد و هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ فەرماندەی پێشوو خواست و هەروەها وەفا و پێزانینی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردیان بە تەواوی ڕاوێژکارانی ئامادەبووی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیاند، کە ڕۆڵێکی گاریگەرییان هەیە لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.