مەراسیمێك بۆ كردنەوەی خوێندنی فرياگوزاريى پزیشكيی سەربازيی پێشكەوتوو بەڕێوەچوو
ڕۆژى دووشهممه ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی وهزيرانى كاروبارى پێشمهرگه و تهندروستى و کونسولی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر. ههروهها سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کاروباری پزیشکيی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، مەراسیمی کردنەوەی خولێكى خوێندنی فرياگوزاريى پزیشکيی سەربازيی پێشکەوتوو، بۆ ژمارەیەک پێشمەرگە، لە سەرجەم یەکە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان له شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
گوتاری بەخێرهاتن لەلایەن جێگری بەڕێوەبەری گشتيی کاروباری پزیشکیيهوه پێشکەش کرا، دواتر وەزیرى كاروبارى پێشمەرگە گوتارێکى پێشکەش کرد و جەختى له بەڕێوەچوونى ئەم پرۆژەیە وەک یەکێک لە پرۆژە گرنگ و باشەکانى وەزارەتى پێشمەرگە لە کەرتى تەندروستیدا كردهوه. وەزیرى پێشمەرگە سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا و کونسولی گشتيی ئەمهریکای کرد، لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە، بە تایبەت لە کردنەوەی ئەم خولە یەک ساڵیيە لە سەنتەری پارامیدیکی سەربازيی پێشکەوتوو.
ههروهها کونسولى گشتيى ئەمهریکا گوتارێکى پێشکەش کرد و خۆشحاڵيى خۆى نیشان دا کە ئەم پرۆژەیە گەیشتووهە ئامانج و ئێستا دەست بە یەکەى مەشقی یەک ساڵى كراوه، کە تیایدا ٩٠ پێشمەرگە و کارمەندى وەزارەتى پێشمەرگە تێيدا بهشدارن و بە خۆشحاڵيشەوە هەر لەم یەکە مەشقیيەدا ٥ کارمەندى وەزارەتی بەرگریی عێراق تێيدا بەشدارن، کە ئەمهش نموونەیەکى زیندووى ههماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراقە.
پاشان وەزیری تەندروستی لە گوتەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد کە: بە شانازییەوە هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، کارمان کردووە و بەردەوامیش دەبین و هەروەها ئامادەی هەموو هاوکارييهكين لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە.
هەر لەم بۆنەیەدا بەڕێوهبەری گشتيی کاروباری پزیشکی زانیاريى تەواوی لەسەر ئیشوکارەکانی ئەم ناوەندە و گرنگيی خوێندنی پارامیدیكی پزیشكيی سەربازیی پێشكەوتوو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە باس کرد و داوای کرد کە وەزارەتی تەندروستی ئەم ئەزموونە گرنگە نەک تەنها بۆ پێشمەرگە، بەڵکوو بگوازێتەوە بۆ ناوەندی سڤیل لە هەرێمی کوردستان.