وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە گویدۆ کرۆزیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد.
لە سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە سەرۆکی ئەرکان و پارێزگاری هەولێر و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و باڵیۆزی گشتیی ئیتاڵیا لە بەغداد و کونسولی گشتیی ئەو وڵاتە لە پێشوازی دابوون.
بڕیارە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام بدات و بڕیاریش وایە سەردانی کونسولخانەی گشتیی وڵاتەکەی و هەروەها سەردانی سەرباز و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەولێر بکات.