Skip to the content

وەزیری كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد

ڕۆژى دووشه‌مه‌ ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و میکێلێ کامیرۆتا، کونسولی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری کرد.

لەو دیدارەدا، کە عه‌بدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و لیوا روکن محه‌مه‌د سه‌عید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، باس لە دۆخی ئەمنيی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
وەزیری كاروبارى پێشمەرگە بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە ئامادەیە بۆ پارێزگاریکردن لە ئارامی و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە تایبەت لە مەترسییەکانی تیرۆر و تیرۆریستان، لەم پێناوەشدا سەنگەرەکانی تۆکمەتر و بەهێزتر کردووە.
لەبارەی پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی وڵاتی ئیتالیا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئيسماعيل ڕایگەیاند: سوپاسی گەل و حکومەتی ئیتالیا ده‌كه‌ين، کە بەردەوام هاوکاری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەن لە پرۆسەی ڕیفۆرمی سەربازی و بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانيی یەکگرتووی کوردستانی.
باڵیۆزی ئیتالیا باسی لە ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد، لە تێکشکاندنی داعش و بیری توندڕەوی لە ناوچەکەدا. هیوای خواست
پەیوەندییەکانیان بەردەوام و بەهێزتربن و پشتیوانی و هاوکاريی زیاتری وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

لە کۆتایيی دیدارەکەدا، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە ماڵاوایی لە کونسولی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست.