Skip to the content

وەزیری كاروباری پێشمەرگە: دوو ناوچەی سەرکردایەتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکار دەبن

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و فریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی و فەرماندەی فەرماندەییی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەکانی دوو و چواری پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری ئامادەی بوون.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن و بڕیاردان بوو لەبارەی پرۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتی کە لە ١١ فیرقەی سەربازی پێکهاتوون، لەژێر سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکار دەبن.
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: دوو ناوچەی سەرکردایەتی دادەمەزرێنین بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان ڕێکدەخرێتەوە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بە گرنگییەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەمووان هاوڕابوون کە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتووی کوردستانی، کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات، لە هەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئاییندەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە دەستەکاربوونی هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی، کە هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا ڕێکدەخرێتەوە و لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیر دەبن، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، بە کۆی دەنگی هەمووان ڕەزامەندی درا لەسەر بنیادنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.