وەزیری کاروباری پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەوپەڕی بەهێزی و گەشەسەندندایە

ڕۆژى يهكشهممه ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، سەرپەرشتيی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد، بە ئامانجی لەنزیکەوە ئاگهداربوون لە بارودۆخی ئێستای هێزی پێشمەرگە، کاروبارەکانی پرۆسەی چاکسازی، ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی دوو ناوچە و يازده فیرقەی سەربازیدا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە فریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محهمهد، ئەمینداری گشتی و لیوا روکن عمر،فەرماندەی فەرماندەیيی هێزەکانی حهفتا و نەجات علی، فەرماندەی فەرماندەیيی هێزەکانی ههشتاى هێزی پێشمەرگە ئامادەى بوون، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێستادا لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە و هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی بنیاتنانی سووپایەکی نیشتمانيی یەکگرتووی کوردستانییە، لە ژێر سەرکردایەتيی کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی ڕایگەیاند: چاکسازی بنەما و لهپێشينهى كارهكانمانه و پێویستە هەوڵەکانمان خێراتر و چڕتر بکەینەوە بە یەک ئاراستە و ئیرادەی بەهێزەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی چاکسازی کە لە ماوەی کارکردنمان لە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵداین و بەردەوامین.
لە کۆتايیدا وەزیری پێشمەرگە ئامادەبووانی ڕاسپارد کە کاروبارەکانیان چڕتڕ بکەنەوە و ئەوەی بەرنامەڕێژی بۆ کراوە جێبەجێ بکرێت.