وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە وەزیری بەرگريی هۆڵەندا کرد
ڕۆژى دووشهممه ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بە سەردانێکی فەرمی روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگريی هۆڵەندا گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەوە پێشوازی لێ کرا.
لەو پێشوازییەدا، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆز و کونسولی هۆڵەندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادەبوون.
وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، بە ناوی گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی هۆڵەندای کرد و ڕایگەیاند: هاتنی وەزیری بەرگری لەم کاتەدا پاڵپشتی و پشتیوانییە بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتى بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامانجی پتەوترکردنی پەیوەندییەکان و بەردەوامی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی هۆڵەندا.
بڕیارە لە درێژەی سەردانەکەی وەزیری بەرگريی هۆڵەندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و سەردانی ڕاوێژکاران و فەرماندە سەربازییەکانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بكات.