Skip to the content

پەیامی وەزیری کاروباری پێشمەرگە بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانەوە

لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی؛
ئاڵای کوردستان شوناس و ناسنامە و هێمای نەتەوەییمانە. ٧٨ ساڵ بەر لـە ئێستا بۆ یەکەمینجار لەژێر سایە و حوکمڕانی کۆماری کوردستان لە کاتی ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد، ئاڵای کوردستان لەلایەن ڕابەری کۆماری کوردستان، نەمر قازی محەمەد و هاوڕێکانی بەرز ڕاگیرا و بۆ یەکەمینجار لە ئاسمانی کوردستاندا شەکایەوە، لەو ڕۆژەوە ئاڵای کوردستان زیندووە و قەت نانەوێ.
پێشمەرگە قوربانیی زۆری لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان و پارێزگاریکردن لە خەڵک و خاکی کوردستان بەرانبەر دووژمنانی نیشتمانەکەمان بەخشیوە، گیانفیدایی و داستانی قارەمانییەتیی هێزی پێشمەرگە لە ڕابردوو و ئێستاشدا هەرگیز لەیاد ناکرێت.
لە ئاییندەشدا پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان پێکەوە پارێزەری ئاڵا و خاکی کوردستان دەبن، لەپێناو بەهێزبوونی قەوارەی کوردستان و سەربەخۆی خاک و گەلەکەمان.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان،
شەکاوەبێت هەردەم ئاڵای کوردستان

شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤