Skip to the content

بە سەرپەرشتیى کونسڵخانەی بەریتانیا وۆرکشۆپی ستراتیژیيەتی ئاسایش کۆتایی هات

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ تیم کەیڤ گیبس، ڕاوێژکاری بەرگریى تایبەت لە کونسوڵخانەی گشتیى بەریتانیا لە هەولێر، وۆرکشۆپێک بۆ پێشخستنی توانای ئەفسەران و چۆنیەتیى ئاشنابوون بە ستراتیژيیەتی ئاسایشیى بەرگری لەڕووی ئەكادیمیيەوە بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە كۆتايى هات.

ئەم وۆرکشۆپە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامی هەبوو، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئاستی بەڕێوبەری یەکەکان و بەڕێوەبەرایەتیيەکان بەشدارییان کرد ، و بەشداربووان بە شێوەیەکی ئەکادیمی بە بەکارهێنانی ئەو توانا و بەهرانەی لەبەر دەست دان، بەچۆنیيەتی ستراتیژیيەتی ئاسایشیى بەرگری و زانستەكانی کارگێڕی و حکومداریيەتی ئاشنا کران، لەکۆتایيشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بە ئەفسەرانی بەشداربوو بەخشرا.

شایانی باسە، وانه‌كان لەلایەن لێکۆڵەران و ئەکادیمستانی ئەکادیمیای بەرگریى بەریتانیا پێشکەش کران، بڕیاریشه‌ کونسوڵخانەی گشتیى بەریتانیا بەردەوامیى بەم وۆرکشۆپانە بدات.