وەزیری پێشمەرگە و کونسوڵی نوێی بەریتانیا کۆبوونەوە
ڕۆژی ۱۲ی ۲ی ۲۰۲٤ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگه، پێشوازی کرد لە جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان.
لەکۆبونەوەکەدا، کە لیوا ڕوکن محمد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەی بوو، وەزیری پێشمەرگە، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر کرد، هاوکات هەردوولا دۆسیەی چاکسازیی پێشمەرگە و دوایین پەرەسەندن و پێشکەوتنەکانی ئەو پرۆسەیان تاوتوێ کرد.
کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر، وێڕای ستایشی پرۆژە جێبەجێکراوەکانی چاکسازیی پێشمەرگە، تیشکی خستە سەر ئاڵنگاری و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆژە جۆر بە جۆرەکانی چاکسازی. بۆ ئەمەش وەزیری پێشمەرگە گوتی کە "دۆخی ئێستا پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەی زیاتر هەیە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە."