Skip to the content

بریکاری وەزارەت پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد

بە مەبەستی تاووتوێکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و وەزارەتی پێشمەرگە و فراوانکردنی هاوئاهەنگیی دوولایەنە، ڕۆژی ٨ی شوباتی ٢٠٢٤، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ وۆلف ئەلیکساندەر هامپ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەو دیدارەدا، کە ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوون، تاووتوێی دوایین پێشهات و پێداچوونەوەی پرۆژەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا کرا، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دوایین سەرنج و تێبینیی وەزارەتی لەسەر ئەم پڕۆژەی لێکتێگەیشتنە خستە ڕوو، پاشان ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان خۆشحاڵن کە ڕێكکەوتنێکی هاوبەشی نوێ لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیای فیدڕاڵ ئەنجام دەدرێت لەپێناو باشتر ڕێکخستنەوەی کاروبارەکانی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەدا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە بۆ سەرخستن و بە ئەنجامگەیاندنی پرۆژەکانی جێگای بایەخی هاوبەش لە نێوانیاندا.