بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش سەردانی بەڕێوبەرایەتی میرەی گشتی کرد
رۆژی پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤، کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، سەردانی بەڕێوبەرایەتی میرەی گشتی سەربازی کرد و لە لایەن عەقید فەرمان زراری، جێگری بەڕێوبەری میرەی گشتی سەربازی پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، تیشکخرایە سەر چۆنیەتی پێشخستنی کاروباری بنکەکانی ئەسناد و گرنگی دانی زیاتر بە ڕێکخستنی خولەکانی مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە بە هاوکاری ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان، پاشان بە شیوەی مەیدانی بەشدارییان لە رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولی کۆگاکردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ ژمارەیەک پێشمەرگەی لیوای ٨ی پیادەی سەر بەوەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرد.
ئەو جۆرە خولانە لە چوارچێوەی بەرنامە و پرۆگرامێکی تایبەت لە رێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەهاوکاری کۆمپانیای ئەمینتومی ئەمریکی پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە ئەزموون و شارەزایی زیاتر وەربگرێت لەسەر ئامێر و پێداویستیەکانی هێزی پێشمەرگە، هاوکات سوودمەند بێت لە شێوازو تەکنیکی چاککردنەوەو، تاکتیکی هەڵگرتن و کۆگاکردنی چەکە جۆراوجۆرەکان و شێوازی بەکارهێنانی دروست لە بواری سەربازییدا.