بەڕێوهبەری گشتيی ڕاگەیاندن پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد
ڕۆژى ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤، لیوا عوسمان محمد، بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاریى نیشتمانی، لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ وۆلڤ ئەلیکساندەر هامپ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، تاوتوێی دوایين قۆناغەکانی ئامادەکاریى تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕاگەیاندن و هۆشیاريی نیشتمانی و تیمەکانی ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا کرا، بۆ دەستپێکردنی خولی میدیایی کە وا بڕیارە بەمزووانە بەڕێوە بچێت، هاوکات گفتوگۆ لهبارهى ئامادەکردنی پلانێک بۆ چۆنیيەتی بەڕێوەچوونی خول و شێوازی جێبەجێکردنی پلانی مەشق و ڕاهێنانی میدیایی بۆ کارمەندانی لیواکان و یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. پرۆژەی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا لە بواری ئۆپەراسیۆنی زانیاری، تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوو.
بەڕێوەبەری گشتيی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی، سوپاسی فەرماندەی گشتيی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد کە هەوڵی زۆریان داوە تاکوو ئەم پرۆژەیە بە سەرکەوتوويی بە ئەنجام بگات، و هاوکات هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی وڵاتی ئەڵمانیای لە بواری میدیایى بۆ هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاند.
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا، دووپاتی کردەوە کە ئەوان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی، هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە لە کارکردن بەردەوام دەبن و دەیانەوێت لەڕووی میدیاییەوە پەرە بە تواناکانی پێشمەرگە بدرێت.