تیمێکی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان سەردانی بنکەی ئەسنادی دهۆکی کرد
ڕۆژى سێشهممه ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ لیوا ڕوکن هۆشمەند حهیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، و كۆمهڵێك له پلهدار و بهڕێوهبهرانى وهزارهتى پێشمهرگه، لەگەڵ شاندێکی ڕاوێژکارانی سەربازی کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ پەیپەر، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمهریکا لە بەغدا و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر، سەردانی بنکەی ئەسنادییان لە دهۆک کرد.
ئامانجی سەردانەکە، دڵنیایيدان بوو لە کردنەوەی کارگەی چاککردنەوەی ئامێر و ئالیاتەکانی سەربازی کە بڕیاره لە ماوەیەکی نزیکدا بە هاوکاری کۆمپانیای ئەمینتومی ئەمهریکی بۆ باشترکردنی ئیش و کارەکانی بنکەکانی ئەسنادی دهۆک و سلێمانی دروست بکرێت، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەرکان دەستخۆشی لە بەڕێوهبەر و ئەفسەرانی بنکەی ئەسنادی دهۆک کرد و هاوکات سوپاسی کۆمپانیای ئەمینتوم و ڕاوێژکارانی سەربازی ئەمهریکای لە هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەت کە هاوئاهەنگن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کردنەوەی کارگەی چاککردنەوەی ئامێری سەربازی.