جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپهراسیۆنەکان پێشوازی لە تیمی هاوپەیمانان کرد
ڕۆژى ۱۱ شوباتی ۲۰۲٤، لیوا ڕوکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپهراسیۆنەکان، پێشوازی لە تیمی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیى کۆڵۆنێل هامپ، کرد.
تەوەری سەرەکیى سەردانەکەی هاوپەیمانان گفتوگۆکردن بوو لهبارەی چەمکی ئۆپهراسیۆن و مەشقی هێزەکان لە چوارچێوەی فرقەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە بەشێکی ديكهى گفتوگۆکاندا، پلان و هەنگاوەکانی ئەنجامدانی مەشق، کە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەدا بەرنامەی بۆ داندرابوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
لە بەرانبەردا هێزەکانی هاوپەیمانان دووپاتیان لە هاوکاری و هەماهەنگی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە و دیاریى تایبەتیان پێشکەش بە جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپهراسیۆنەکان کرد، لەم بارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەرکان هەماهەنگی و یارمەتیيەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی بەرز نرخاند و داوایشى کرد بۆ ساڵانی داهاتوو مەشق و ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لەپێناوی تەواوکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی.