Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد

ڕۆژی ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ پەیپەر، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.

لەدیدارێکدا، کە لیوا حافز محمد علی، ئەمین سڕی سەرۆکایەتیی ئەرکان و مێجەر چاد تروسلۆ، یاریدەدەری بەشی سەربازی لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، و گفتوگۆی ستراتیژی و پێشخستنی پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، خرایە بەرباس، هاوکات باس لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو یاداشتنامەیە.

سەرۆکی ئەرکان ڕایگەیاند: بە گرنگییەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و هێزە ئەمنییەکانی تری حکومەتی عێراق، هاوکات سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەش دا کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هەم دەستنیشانی ئەو بەرەوپێشچوونانە دەکات کە لە بواری چاکسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەی سەربازی بەدەست هاتوون، هەمیش پابەندیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر بە ئامانجی پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت.