سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا کرد
ڕۆژی پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کلاوس سترایکەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا و ئیملی هارتمان، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا، کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، گفتوگۆی هەمەلایەنەی بایەخدارکرا سەبارەت بە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ڕاوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئامانجە هاوبەشەکان لە روبەڕووبونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، هاوکات سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، سوپاسی ڕاوێژکارانی سەربازی و حکومەتی ئەڵمانیای کرد لە هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی ئەو ووڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگە لەماوەی رابردوودا.
کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا، دووپاتی لە بەردەوامبوونی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە و جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە، هاوکات ڕوونیكردهوه كه ئاستی پهیوهندییهكانی ڕاوێژکارانی ووڵاتهكهی لهگهڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوەچوونی باشی بهخۆوه بینیوه و هیوامان بە پێشخستنی ئەو پەیوەندییانەش هەیە.
لهكۆتایی كۆبوونهوهكهدا، سەرۆکی ئەرکان هیوای خواست وڵاتی ئەڵمانیا له هاوکاری و هەماهەنگیەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەردەوام بێت، لەم ڕووەشەوە ئامادهیی وهزارهتی کاروباری پێشمەرگەی نیشاندا بۆ هەرکارێک کە ئامانج لێی هاوکاری و گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان بێت.