Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤، سەرۆکی ئەرکانی  وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کلاوس سترایکەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا و ئیملی هارتمان، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر کرد.

لە دیدارێکدا، کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، گفتوگۆی هەمەلایەنەی بایەخدارکرا سەبارەت بە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ڕاوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دا، هەردوولا  هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئامانجە هاوبەشەکان لە روبەڕووبونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، هاوکات سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، سوپاسی ڕاوێژکارانی سەربازی و حکومەتی ئەڵمانیای کرد لە هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی ئەو ووڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگە لەماوەی رابردوودا.

کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا، دووپاتی لە بەردەوامبوونی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە و جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە، هاوکات ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕاوێژکارانی ووڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوەچوونی باشی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و هیوامان بە پێشخستنی ئەو پەیوەندییانەش هەیە.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سەرۆکی ئەرکان هیوای خواست وڵاتی ئەڵمانیا له‌ هاوکاری و هەماهەنگیەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەردەوام بێت، لەم ڕووەشەوە ئاماده‌یی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەی نیشاندا بۆ هەرکارێک کە ئامانج لێی هاوکاری و گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان بێت.