وەزارەتی پێشمەرگە خوازیاری هەماهەنگیی فرەلایەنەیە لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی ئوسترالیا
ڕۆژی ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ اندی هاریسون وایت، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا، کە لیوا ڕوکن محەمەد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، تیشک خرایە سەر پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کردنەوەی خول و هەماهەنگیکردن لە بواری مەشق و ڕاهێنان خرایە بەر باس، سەرۆکی ئەرکان ڕۆڵی ئوسترالیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە دا کە وەزارەتی پێشمەرگە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی فرەلایەنەیە لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی ئوسترالیا لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاست و توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگە.
پاشکۆی سەربازی ئوسترالیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و ڕایگەیاند "دەمانەوێت ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پێش بخەین و ئامادەییی ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتەکەشی نیشان دا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەڕووی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکارییەوە ڕۆڵی زیاتر بگێڕن و هەماهەنگیی تازە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دروست بکەن."