کونسوڵی گشتيی ئەمهریکا سەردانی بارەگای فیرقەی دووی پیادەی کرد
ڕۆژى چوارشهممه ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازيی یاوەری کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتيی ئەمریکا لە هەولێر، هاوکات لەگەڵ شاندێکی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کە پێکهاتبوون لە لیوا ڕوکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و لیوا ڕوکن هۆشمەند حهیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئێدارە و میرە، لیوا ڕوکن کارزان شەقڵاوەیی بەڕێوەبەری میلاکاتی وەزارەت، سەردانی بارەگای فیرقەی دووی پیادەیان لە سلێمانی کرد و لەلایەن لیوا ڕوکن ڕێبوار محی الدین، فەرماندەی فیرقە و ئەفسەرانی باڵاوه پێشوازییان لێکرا.
ئامانج لەو سەردانەی کونسوڵی گشتيی ئەمهریکا و شاندی یاوەری، بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە چۆنیيەتی بەڕێوەچوونی مەشق و ڕاهێنان لەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار و شەڕی تەلەفۆنی (عملیة صنع القرار و المعركة الهاتفیة)، و چۆنیيەتی ئەرکدارکردن و پاراستنی بنکەکانی دەنگدان لەلایەن هێزی سەربازی بەشێوەیەکی دروستی سەربازییانە، لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشيی خۆی نیشان دا، بەتایبەت کە ئێستا پێشمەرگە بەپێی کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا هەنگاو دەنێت، ئەمەش وادەکات هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگتر بگێڕێت بۆ بەرقرارکردنی ئاسایش و سەقامگیريی ناوچەکە، لەم هەنگاوەشدا هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی هاوکار دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە فەرماندەی فیرقەی دووی پیادە، دڵخۆشيی خۆی بە سەردانی کونسوڵی گشتيی ئەمهریکا و ڕاوێژکارانی سەربازی و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بارەگای فیرقە دەربڕی، و ستایشی ڕۆڵی کاریگەری ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانان و نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتيی ئەمهریکا لە هەولێر کرد لە برەودان بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ستراتیجیيەکان و ههماههنگيکردن بۆ گەشەپێدانی کاروباری فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە.
لەتەوەرێکی دیکەی ئەم سەردانەدا، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، بە یاوەری فەرماندەی فیرقەی دووی پیادە، بەشەکانی فیرقەی بەسەر کردەوە و گفتوگۆی وردیان لەگەڵ ستافی بەشەکان کرد، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان ئامادەیی هەموو هاوکاریيهکی وەزارەتیان نیشان دا.