Skip to the content

کۆبوونەوەی دەوری لە بارەی فیرقەکان بەڕێوەچوو

رۆژی ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دیوانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بەئامادەبوونی فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و فەرماندەی فیرقەکانی یەک و دووی پیادە، بەڕێوبەری چاکسازی و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و شاندێکی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی دەوری تایبەت لە بارەی فیرقەکان بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا بەدواداچوون بۆ کاڕوبارەکانی فیرقەکان لە رووی دارایی و دیاریکردنی سنوری ئەرک و بەرپرسیاریەتی فیرقەکان خرایە بەرباس. هاوکات گفتوگۆ کرا لەسەر پشتگیریکردن لە سەرجەم یەکە سەربازییەکان و هەماهەنگی کردن لە نێوان فیرقەکان و خێراکردن لە پڕکردنەوەی میلاکی بەش و هۆبە و یەکە مەیدانییەکانی فرقەکان کە داندراون.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە سەر ڕاهێنانی تایبەتی (cpx) کە بریار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر ئاستی فیرقەکان دەست بەو مەشق و ڕاهێنانە بکرێت.