Skip to the content

کۆنفرانسی ساڵانەی پشکنینی گشتی بەڕێوەچوو

رۆژی پێنچشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتی و فەرماندەی لیواکانی پیادە و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بەڕێوبەرایەتی پشکنینی گشتی کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە چۆنیەتی بەرێکردنی پلانی پشکنینی گشتی و دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکان بەڕێوەبرد.

لە کۆنفرانسەکەدا عەمید روکن فەرهاد مەحموود، جێگری بەڕێوبەری پشکنین ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلی لە سەر وردەکاری و چالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی پشکنین بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشکەشکرد و رایگەیاند: ''جێگای خۆشحاڵیە کە دەبینین هەنگاوەکان بە ئاراستەیەکی باش دەروات، گۆڕانی بەرچاومان لە کارەکانی لیواکان و یەکەکان ئەنجامداوە بۆبنیاتنانی ژێرخانێکی باش بۆ هێزی پێشمەرگە لە تەواوی بوارەكاندا بە هاوکاری فەرماندەی لیوا و فەوجەکان کارمان لەسەر چۆنیەتی بەهێزکردنی کاروبارەکانی یەکەکان کردوە و لە کۆتایی ساڵیشدا ئەنجامی کاری هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیمان و ستافی ئەفسەرانی پشکنەر جێگای ڕەمەزاندی بووە.''

جێگری بەڕێوبەری پشکنین هەماهەنگی ستافی باڵای وەزارەتیشی بەگرنگ و پر بایەخ وەسف کرد لەسەرخستنی پلانی ساڵی ٢٠٢٣ی بەڕێوبەرایەتیان.

دواتر لە لایەن عەمید سالار ئیبراهیم، ئەفسەری پشکنەری حەرەکات، روونکردنەوەی پێویستی لەبارەی پلانی ساڵی ٢٠٢٤ و گیروگرفتەکانی بەردەم پڕۆسەی پشکنینکردنی لیوا و یەکەکان دا، بە وردیش تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی بەهێزکردنی بواری پشکنین بەرنامە و کاری داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییان لە پڕۆسەی پشکنینی گشتی فێرکاری بۆ لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت.