Skip to the content

ئەمریکا پاڵپشتی بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل،وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق باپیری،بریکاری وەزارەت، سەرۆکی ئەرکان و بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون. بە گرنگیەوە دۆخی سیاسیی و سەربازی ناوچەکە و مانەوەی سەربازان و راوێژکارانی باڵای ئەمریکا لە عیراق و بەردەوامیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

وەزیری پێشمەرگە، بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵی گرنگی دیپلۆماتکاران و راوێژکارانی سەربازی و سیاسی ئەمریکا کرد لە هەرێمی کوردستان و عیراق هەروەها ڕاشیگەیاند:" گەل و حکومەتی ئەمریکا دۆستێکی راستەقینەی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانن،لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا پشتیوانمان بوون، لە وەزارەتی پێشمەرگەش، هاوکار و پشتیوانی پرۆسەی چاکسازین بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکەو لابردنی ئاستەنگ و لەمپەری بەردەم ئەو پرۆسەیە،هەروەها بونیادنانی سوپایەکی یەکگرتووی تۆکمەی سەردەمیانە".

وەزیری پێشمەرگە ستایشی ڕۆڵی باڵای کونسوڵی ئەمریکای کرد، لە برەودان بە پەیوەندییە ستراتیژی و سەربازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا هەروەها هیوای خواست،گرژی و ئاڵۆزییەکان لە عیراق و ناوچەکە بە زووترین کات کۆتایی بێت.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا کونسوڵی گشتیی ئەمریکا،دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە سەردانەکەیدا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: پێشمەرگە هێزێکی نیشتیمانی گیانفیدایەو لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا روڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە و دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و نەهیشتنی بیری توندڕەوی لە ناوچەکەدا.

لە بارەی پرۆسەی چاکسازی کونسوڵی گشتیی ئەمریکا رایگەیاند:"رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆژەی یاسایی چاکسازیدا ئەرکێکی قورسەو پێویستی بە هاوکاری و پشتگیری هەمووان هەیە، لەم پێناوەشدا پاڵپشتی بەردەوامی پرۆسەی چاکسازین و لەگەڵتان هاوکار و هەماهەنگ دەبین بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە".