Skip to the content

کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ڕاوێژکارانی باڵای وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کرد.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق بابیری بریکاری وەزارەت، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ، ئەمینداری گشتی، جێگرانی سەرۆکایەتی ئەرکان و نوێنەرانی فەرماندەیی هێزەکانی(٧٠-٨٠)، بەرێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوون، کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم دوایەیی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شاری هەولێر و گشت شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد. 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، خۆئامادەکردن بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی جێبەجێکردنی یاداشتنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

 لە دیدارێکدا وەزیری پێشمەرگە جەختیکردەوە،لە خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازی و پێکەوە کارکردن بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەروەها رایگەیاند:" ئامانجمان سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەم پێناوەشدا بەردەوامین و هەنگاوەکانمان خێراتر کردووە بە مەبەستی بنیادنانی هێزێكی تۆکمەی سەربازیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا". 

جەنەڕاڵ مەکێنزی، بە گرنگیەوە باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کرد و رایگەیاند:" ئیرادەیەکی بەهێز هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرامبەر پرۆسەی چاکسازی لەم پێناوەشدا ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە"، وە راشیگەیاند:" پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی گرنگ و ستراتیژی دادەڕێژین و دڵنیاین پرۆسەی چاکسازی ئەنجامی گەورە و  گرنگی دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان".