Skip to the content

جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپراسیۆنەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد

ڕۆژی چوار شەممە ۱۷ کانوونی دووەمی ۲۰۲٤، لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان، لە دیوانی وەزارەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لیوا حەسەن شێخ مەلا بەڕێوەبەری مەشقی سەربازیی و عمید ڕوکن ڕێبوار عەلی کەریم ڕاگری کۆلێژی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەت و کۆڵۆنێڵ ئیریک و مەیجەر کیسۆن لە شاندی هێزەکانی هاوپەیمانان ئامادەی بوون گفتوگۆی چڕ دەربارەی کاروباری فیرقەکان و بەردەوامیدان بە مەشق و ئامادەکردنی پلانی مەشقی گونجاو بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرا.

جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاس و ستایشی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد لەپای ماندووبوون و یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەتی پێشکەشکردن و دابینکردنی پێداویستییە لۆجیستییەکان و ڕاهێنانی بەردەوام بە هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانانیش لەلایەن خۆیانەوە بەڵێنی بەردەوام بوونی یارمەتی و هاوکارییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.