Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە بەرپرسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەعێراق کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدیوانی وەزارەت پێشوازی لە جەنەڕاڵ ئیکەر بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەعێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا کە کۆڵۆنێڵ ثرۆمان مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان له هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، برەودان بەزیادرکردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکات بەردەوامیدان بەپڕۆسەی چاکسازی و باشترکردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن لەڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس.

هەر لەو دیدارەدا، دواین پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس و هەردوولا بەگرنگیەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەئەنجام گەیاندنی بەرنامە و پلان هاوبەش بۆ بەڕەو پێشبردنی زیاتری پرۆژە یاسای چاکسازی کە ئامانج لێی بنیادنان و پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتووە بۆ ئایندەی کوردستان.

لەکۆتایی ئەو دیدارەدا، جەنەڕاڵ ئیکەر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپڕۆسەی چاکسازی هێزەکان و ئاماژەی بەوەدا هاوپەیمانان گەشبینین بە ئەنجامی پڕۆژە یاسای چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە ئەرێنی پێشکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە هەڵدەسەنگێنن و هیوایان خواست وەزارەتی پێشمەرگە لە هەنگاوەکانی بەردەوام بێت و لەم ڕوەشەوە هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بەردەوامی پێدەدەن.