کونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کرد
ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، دواین کۆرسی خولی سەرکردایەتی و گەشەپێدانی باڵا بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە کۆتا هات. کەیت شاو، کونسوڵی گشتی بەریتانیا بە وەکالەت و کۆڵۆنێڵ تیم، بەرپرسی بەشی سەربازی لە کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر، بە بۆنەی تەواکردنی دواین کۆڕسی خولی سەرکردایەتی و گەشەپێدانی باڵا پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی جەنەڕاڵ و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
خولی سەرکردایەتی و گەشەپێدانی باڵا لە کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر بە هاوکاری ئەکادیمیای بەرگری شانشینی یەکگرتوو بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکی خستبوو، کە بۆماوەی سێ مانگ بەشێوەی کۆڕسی دوو ڕۆژە بۆ هەر مانگێک بەردەوامی هەبوو، ئەمڕۆ کۆتایی بە خولەکە هات و تیایدا بابەت و بەرنامەی ستراتیژیی سەربازی و چۆنیەتی سەرکردایەتی کردنی هێزەکان و چەندین بابەتی جۆراوجۆر و پەیوەندیدار بە پلانی ستراتیژی و بابەتی هەمەجۆر بۆ بەشداربووان خرابووە بەرباس.