کۆبوونەوەی دەوری فیرقەکانی پیاده بەڕێوەچوو
ڕۆژی یەکشەممە٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرپەرشتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان، و نوێنەرانی فەرماندەیی هێزەکانی(٨٠٫٧٠) و فەرماندەی فیرقەکانی یەک و دووی پیادە، بەڕێوەبەری بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان و کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان، و ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەی دەوری هەڵسەنگاندنی ڕاهێنانی خۆراگری کوردستان تایبەت بە فیرقەکانی یەک و دووی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا،تاوتوێی دواین بەرەو پێشچوونەکانی دامەزراندنی فیرقەکانی یەک و دووی پیادە و بەردەوامیدان بە تەواوکردنی کارەکانی هەردوو فیرقەکە خرایە بەرباس بەتایبەت کە بریار وایە بەمزوانە وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئاستەنگەکانی بەردەم کاروباری فیرقەکان چارەسەربکەن، هاوکات گفتوگۆ لەسەر راهێنانی فرقەكان لەسەر ئاستی بەشەكانی و پشتگیریکردن لە سەرجەم یەکە سەربازییەکان و هەماهەنگی کردن لە نێوان فیرقەکان و دروستکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لە نێوان لیواکان و فیرقەکانی پیادە کرا، لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە جێبەجێکردنی ئەو کارنامەییەی کە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دا واژووکراوە بەتایبەت کە خشتەیەک داندراوە بۆ سەرخستنی ئەرکی فیرقەکان لە داهاتوو دا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەموان هاوڕا بوون کە بەئەرک بینینی زیاتری فیرقەکان سەنگەرەکان و ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باشتر و تۆکمە تر دەبن و سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ بەهێزتر دەبێت و دواتر بە سەرنج وبیروڕا گۆرینەوە لەسەر باشترکردنی کاروبارەکانی هەردوو فیرقەی یەک و دووی پیادە کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.