Skip to the content

بریکاری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە پێشوازی لە نێردەی ڕاوێژکاری یەکێتيی ئەورووپا لە عێراق کرد

ڕۆژى سێشەممە ٣٠ى ته‌مووزى ٢٠٢٤، عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازییان لە شاندێکی نێردەی ڕاوێژکارانی یەکێتيی ئەورووپا لە عێراق، بە سەرۆکایەتيی ئەندرێس ڤیباری، سەرۆکی نێردەی ڕاوێژکاران و ئەندامیيەتی ئوسامە تۆفیق، ئەفسەری جێبەجێکاری نیشتمانی، میر کۆرداغی، ئەفسەری هەماهەنگی، جۆرج کێنتلبێرک، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان و ڕۆبێرت کۆرانسۆن، ڕاوێژکاری ستراتیژيی باڵا کرد.

لە دیدارێکدا، کە لیوا روکن محه‌مه‌د سه‌عید، بەڕێوه‌بەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، شاندی میوان پوختەیەکی له‌بارەی کارەکانیان خستە ڕوو، کە ڕێکخراوەکەیان پشتگیريی پرۆگرامی چاکسازيی کەرتی ئاسایشی مەدەنی دەکات، بە پێشکەشکردنی ئامۆژگاريی ئەمنی، بۆ دەزگه‌ ئەمنییەکانی مەدەنی، لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەمەش له ڕێگەی چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێت، کە بریتین له وۆرکشۆپ و خول و سه ردانیکردن بۆ خوێندن لە ئەورووپا، هەروەها پرۆگرامێک بۆ بنیادنانی توانا و بەرزکردنەوەی تواناکانی کارمەندانی دەزگه‌ ئەمنیيەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایيی ئەو دیدارەدا، دووپات لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی ڕاوێژکاری یەکێتيی ئەورووپا لەهەرێمی کوردستان و عێراق کرایەوە، ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان بوون، لەم بارەیەوەش ئامادەیيی وەزارەتیان نیشان دا لە هاوکاری و هەماهەنگیکردنی زیاتر لەگەڵ نێردەی ڕاوێژکاران، بە ئامانجی پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکان، لە سەرجەم ئەو بوارانەی کە شاندی ناوبراو کاریان لەپێناو دەکات.