Skip to the content

حكومەتی ئەڵمانیا لە هاوکارییەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام ده‌بێت

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ٣ـی تەمموزی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازى لە کلاوس دیتەر شترایشەر، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا و کۆلۆنێڵ، لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازيی یاوەریان كرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا،کە فریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان تێیدا ئامادە بوون. وەزیری پێشمەرگە باسی لە پرۆسەی چاکسازی و دۆخی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا کرد. هەروەها ڕایگەیاند: جەخت لە بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە ستراتیژییە دوورمەودایەی نێوانمان ده‌كه‌ينه‌وه‌، سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین لە بەرانبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمیشەییان بۆ پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیواخوازین هەماهەنگيی زیاتر لە نێوانمان دروست ببێت.
لە بەشێکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕێكکەوتننامەیەکیان بۆ پرۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد. بەمەش حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاريی زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.
وەزیری پێشمەرگە له‌بارەی ڕێكکەوتننامەکەوه‌ ڕایگەیاند: ئەمە دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرنگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرەوپێشبردنی گشت بەش و یەکە کارگێڕی و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایيندەدا.

لەلای خۆیەوە کونسولی گشتیی ئەڵمانیا، دڵخۆشيی خۆی لە بەرەوپێشچوونی کارەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشـمەرگە ده‌ربڕى، هەروەها لەبارەی واژۆکردنی لێكتێگەیشتنه‌كه‌وه‌ گوتی: حکومەتی ئەڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتيی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و هاوکارتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازيی هێزی پێشمەرگە.