Skip to the content

مەراسیمێکى تایبەت بۆ بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر بەڕێوە چوو

بە بۆنەی کۆتایيهاتنى کارەکانى لە هەرێمى کوردستان، وەزیرى پێشمەرگە و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆڵى بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایشیان لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینی زۆری هێزی پێشمەرگەیان پێ ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا وەک نواندنی ڕێز و وەفا بۆی، تابلۆیەکی پڕ لە هەست و جوانيی سروشتی کوردستان لە لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە کۆڵۆنیڵ مایکل گاچێرۆ کرا.

ڕۆژی ١ی تەمووزی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و مارک سترۆ، کونسولی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محه‌مه‌د سدیق، ئەمینداری گشتی و ژمارەیەک لە گەورە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە، لە شاری هەولێر مەراسیمێکى تایبەت، بە بۆنەى کۆتایيهاتنى کارەکانى و ماڵاواییکردن لە کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش، لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر بەڕێوە چوو.

لەو مەراسیمەدا، کە کۆڵۆنێڵ مەکینزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس، بەرپرسی تازەی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش و تیمێکی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێم ئامادەی بوون، کونسولی گشتيی ئەمه‌ریکا، بە بۆنەى کۆتایيهاتنى ئەرکی مایکل گاچێرۆ، لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە دا: کە بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەرێمى کوردستان، لە ماوەى کارکردنی ڕۆڵێکى بەرچاوی بینیوە لە پەرەپێدان و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانى نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازيی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە هەرێم و لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، کونسولی گشتيی دووپاتی لەوە کردەوە، کە ڕاوێژکارانى سەربازيی ئەمه‌ریکا بەردەوام دەبن لە هه‌ماهەنگیكردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە.

لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە گوتەیەکدا سوپاسی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و ئاماژەی بەوە دا "شانازى دەکەم کە ڕۆڵم لە بەشێکی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەبووە"، گوتیشی جێگه‌ی دڵخۆشیيە کە پرۆسەی چاکسازی هەنگاوی باشى بڕیوە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ تەواوی هێزی پێشمەرگە خواست.

لە کۆتایيی مەراسیمەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، سوپاسی کۆڵۆنێڵ مایکلـیان کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست و لە هەمان کاتیشدا، بەخێرهاتنی کۆڵۆنێڵ گیڤن رایســیان، وەک بەرپرسی تازەی نووسینگەی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر کرد و پاڵپشتيی وەزارەتی پێشمەرگەیان بۆ دووپات کردەوە.