Skip to the content

پشکنینی فێرکاری بۆ لیوای ٢٤ی پیادە ئەنجام درا

بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، ساڵانە پرۆسەی پشکنین بۆ سەرجەم یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە ئەنجام دەدات، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژانی ٨ و ٩ی تەمووزی ٢٠٢٤، پشکنینی فێرکاری بۆ لیوای ٢٤ى پیادە و فەوجێکی لیوای ١٩ی پیادە ئەنجام درا. 
پشکنینەکە لەلایەن لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتيی پشکنینی گشتيی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، بە سەرپەرشتيی عەمیدى ڕوکن فەرهاد ڕەسوڵ و ئەندامى ژمارەیەک ئەفسەری پشکنەر، لە چەند بەشێکی جیاواز ئەنجام درا، تیایدا ڕێکار و ڕێنمایيی نوێیان بە تەواوی بەشەکانی لیواکە دا.
شایانی باسە، پرۆسەی پشکنینی فێرکاری و پشکنینی تاقیکاری و پشکنینی لەناکاو، بەردەوام دەبێت و سەرجەم یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە، دەگرێتەوە.