حكومەتی ئەڵمانیا لە هاوکارییەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دهبێت
ڕۆژى چوارشهممه ٣ـی تەمموزی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، پێشوازى لە کلاوس دیتەر شترایشەر، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا و کۆلۆنێڵ، لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازيی یاوەریان كرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا،کە فریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان تێیدا ئامادە بوون. وەزیری پێشمەرگە باسی لە پرۆسەی چاکسازی و دۆخی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا کرد. هەروەها ڕایگەیاند: جەخت لە بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە ستراتیژییە دوورمەودایەی نێوانمان دهكهينهوه، سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین لە بەرانبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمیشەییان بۆ پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیواخوازین هەماهەنگيی زیاتر لە نێوانمان دروست ببێت.
لە بەشێکی ديكهى کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕێكکەوتننامەیەکیان بۆ پرۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرد. بەمەش حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاريی زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.
وەزیری پێشمەرگە لهبارەی ڕێكکەوتننامەکەوه ڕایگەیاند: ئەمە دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرنگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرەوپێشبردنی گشت بەش و یەکە کارگێڕی و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایيندەدا.
لەلای خۆیەوە کونسولی گشتیی ئەڵمانیا، دڵخۆشيی خۆی لە بەرەوپێشچوونی کارەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشـمەرگە دهربڕى، هەروەها لەبارەی واژۆکردنی لێكتێگەیشتنهكهوه گوتی: حکومەتی ئەڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتيی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و هاوکارتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازيی هێزی پێشمەرگە.