Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان سەردانی بارەگای فیرقەی چواری پیادە و فەرماندەییی بەرگری و فریاکەوتنی کرد

ڕۆژی شەممە ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە یاوەری جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، بەڕێوەبەری حەرەکاتی سەربازی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین، بەڕێوەبەری ئیشغال و نیشتەجێکردن و کۆڵۆنێڵ مەکینزی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی بارەگای فیرقەی چواری پیادەی لە سنووری سەنگاو کرد و لەلایەن فەرماندە و ئەفسەرانی فیرقەوە پێشوازییان لێ کرا.

ئامانج لەو سەردانە، دڵنیاییدان و بەدواداچوون بوو، بۆ کارەکانی فیرقەی چواری پیادە، کە لە پرۆگرامی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان بڕیاری لەسەر درابوو، دواتر لە دیدارێکدا باس لە پێشهاتەکانی کاروباری فیرقەی چوار کرا.

لە وێستگەی کۆتاییی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ئەرکان و شاندی یاوەری سەردانی بارەگای فەرماندەییی بەرگری و فریاکەوتنیان کرد و پیرۆزباییی دەستبەکاربوونیان لە لیوا روکن ڕزگار جەبار محەمەد  کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.