سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە ڕاوێژکارى سەربازیى کونسولخانەی بەریتانیا لە هەولێر کرد
ڕۆژى دووشهممه ١ی تەموزی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ جون فۆستر، ڕاوێژکاری سەربازی لە کونسولخانەی بەریتانیا لە هەولێر و تیمێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە لیوا روکن هۆشمەند حهیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لیوا روکن محهمهد سهعید، بەڕێوهبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، باس لە برەودانی زیاتر بە هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرایەوە، هاوکات پرسی مەشق و ڕاهێنانەکان و پرۆسەی ڕیفۆرم و یەکخستنەوەی زیاتری هێزەکان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
لەکۆتاییى دیدارەکەدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەماهەنگی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوانیان. شاندی سەربازیی بەریتانیا دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیکردن و پێدانی ڕاوێژ بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک نیشاندانی پەیامی دۆستانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.